بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بنەماڵی مەهسا ئەمینی لە بەیاننامەیەکدا بە دەسخۆشی لە دەربڕینی هاوخەمی خەڵک لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە و جەخت لەسەر ئەوەی کە ئێمە ڕێگای دادخوازیمان لە ناوەندە دادوەرییەکان هەڵبژاردووە، ڕایانگەیاند کە داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار دەکەین، بە پێی دەستوور و یاساکان، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئاشکرا کردنی ڕاستییەکانی هۆکاری ئەو مەرگە دڵهەژێنە بخەنە گەڕ.
ئەو بەیاننامە لە خوارەوە دێت:
بە ناوی خودا
ئێستا کە دەستگیر کردنی نایاسایی و پاشهاتی خەمهێنەری دوای ئەوە؛ مەرگی غەریبانەی کچەکەمان مەهسا(ژینا) ئەمینی دەچێتە نێو چوارەمین هەفتەوە، بە پێویستی دەزانین دەسخۆشی لە هەموو هاووڵاتیان لە سەرتاسەری ئێرانەوە و دەرەوەی ئێرانەوە و هەروەها کەسانێک کە بە نوێنەرایەتی دامودەزگا دەوڵەتی و تایبەتەکانەوە هاوخەمیان دەربڕیوە، دەکەین. هیوادارین دوای ئەوە چی دیکە هیچ بنەماڵەیەک لە ئێران تووشی ئاوەها کارەساتێکی دڵهەژێن نەبێت.
مەهسا ئێستا لە نێوانماندا نییە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بەڵام ئێمە وەکوو بنەماڵەی ئەو ئەرکی سەرشانمانە بەدواداچوونی دادپەروەرانەی بۆ بکەین.
بەدواداچوونێک کە هەم خودا ڕازی بێت و هەم ببێتە هۆی شادی ڕۆحی کچەکەمان و ئاسایشێ دڵی ئەو، وتنی ڕاستییەکان و یارمەتی بە ئاشکرا کردنی ڕاستییەکان و دووری کردن لە نکۆڵی کردنی ڕاستییەکان و ڕێگری لە شاردنەوەی ڕاستییەکانە.
ئێمە ڕێگای دادخوازی لە لای ناوەندە دادوەرییەکانمان هەڵبژاردووە. داوا لە هەموو لایەن و بەرپرسانی پێوەندیدار دەکەین، بە پێێ دەستوور و یاساکان و بەڵێنەکانی سەرۆکی دەزگای داد، هەموو هەوڵی خۆتان بۆ ئاشكرا کردنی ڕاستییەکان لەسەر مەرگی دڵهەژێن و هەروەها شێوەی بەرەوڕوو بوونەوەی کچەکەمان مەهسا لە چرکەی دەستگیر کردنی نایاساییەوە تا ناردنی بۆ ناوەندی پۆلیسی ناسراو بە گەشتی ئیرشاد، بخەنە گەڕ. بە ئەو کارە هەم ڕێگری بکەن لە دووپات بوونەوەی ئاوەها کارەساتێک و هەم مافی دایک و باوک بپارێزن.
بنەڕەتی ترین داخوازی ئێمە لە ناوەندە دادوەرییەکان ئەوەیە کە بە وەردبینی و ڕوون، وردەکارییەکانی دۆسیەکە لێک بدەنەوە و داواکاری بنەڕەتی و پاشەکشێ نەکراوی بنەماڵەی ئێمە لەسەر ئامادە بوونی مامۆستایانی بەناوبانگی پزیشکی لە بواری مێشک و دەمارەکان و دڵ و پزیشکێکی دەروونی لە کۆبوونەوەی شوێنگیری کردنی دۆسیەکە لە کۆمیسیۆنی پزیشکی داد بە مەبەستی لێکدانەوەی هۆکار یان هۆاکرەکانی گیانلدەست دانی قبووڵ بکەن و لە ئەزموون و زانستی پزیشکانێک کە لایەنە پێوەندیدارەکان قبووڵیانە و هەروەها لەلایەن ئێمەشەوە قبووڵ کراوە، کەڵکوەربگرن.
ئێستا بە پێی لێکۆڵینەوە و ڕاوێژەکان و بە پشت بەستن بە ڕاست بێژی، شەرافەت و زانیستی مامۆستایانی گەورە بەڕێزان دکتۆر سەید عەلی تەباتەبایی، دکتۆر کازم عەباسیون، دکتۆر هووشەنگ موعێن، دکتۆر عەلی مشکینی، دکتۆر مووسا تەقی پوور، دکتۆر محەمەد فەرەجی ڕاد، دکتۆر خۆسرۆ پارسا، دکتۆر بابەک زەمانی، دکتۆر غوڵامڕەزا بەهادورخان و دکتۆر ڕەزا باقری، داوا لە سەرۆکی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پزیشکی داد دەکەین فەرمانی بانگهێشت کردنی لانیکەم 5 کەس لە ئەو مامۆستایانە و هەروەها دکتۆر سەیفوڵڵا عەبدی پسپۆڕی دڵ و دکتۆر محەمەد سەنعەتی پزیشکی دەروونی بدەن.
ئاشکرایە بە بێ بانگهێشت کردن و بەشدار بوونی ئەو پزیشکانە، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تاوتوێ کردنی هۆکاری مەرگی کچەکەمان، ڕایدەگەیێنین کە "بە هیچ لەونێک" ڕای پزیشکی داد قبووڵ ناکەین.
شیاوی ئاماژەیە کە ئێمە و پارێزەرەکانمان نامانەوێت کە کاروباری پسپۆڕی پزیشکی دەستێوەردان بکین و بانگهشێت کردنی ئەو مامۆستا و پزیشکانە بۆ ئامادە بوون لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی لێکدانەوەی هۆکاری مەهسا، نکۆڵی کردنی ئەرکی یاسایی ڕێکخراوی پزیشکی داد نازانین، بەڵکوو ئەو داخوازی بنەڕەتییە، دەبێتە هۆی دڵنیا بوونی ئێمە و کۆمەڵگا و متمانە دەدات.
لە کۆتاییدا لە مافزانانی بەڕێز و پارێزەرانی بەڕێزی دادستێنی کە ئامادەیی خۆیانیان بۆ وەرگرتنی پارێزەری بنەماڵەی ئێمە لە دۆسیەی کوشتنی مەهسای ئازیزمان ڕاگەیاند، دەسخۆشی دەکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەڕێزان ساڵح نیک بەخت و عەلی ڕەزاییمان هەر لە سەرەتاوە وەکوو پارێزەری خۆمان لە شوێنگیری کردنی دۆسیەکە هەلبژاردووە، ئەگەر لە بواری مافییەوە ڕوانگە و ڕایەکتان هەیە، بە پارێزەرەکانی بنەماڵەی ئەمینی ڕایبگەیێنن.
موژگان ئیفتخاری، ئەمجەد ئەمینی
دایک و باوکی مەهسا
Your Comment